هەولێر – نۆرس پرێس
ئەم دوانیوەڕۆیە ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی سەربەستی لە هەولێر تەقییەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و پارێزگاری هەولێریش دەڵێ، ئەو کەسە ئەفسەری ئەنجوومەنی ئاسایش بوو و لە دژەتیرۆری یەکێتی دەوامی دەکرد.
ئاژانسی پاراستن و زانیاریی یەکێتی ئەمڕۆ هەینی، لە روونکردنەوەکەیدا داوای کردووە کە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان “راستیی رووداوەکە و تۆمەتباران بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن و رووبەڕووی دەسەڵاتی دادوەرییان بکەنەوە و سزای یاساییان بەسەردابسەپێنن.”
لە راگەێنراوەکەیاندا هاتووە، ” پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٧ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لەرووداوێکی نەخوازراودا لەشاری ھەولێر ، ئۆتۆمبێلەکەی بەڕێز عەقید ھاوکار عەبدوڵا ناسراوبە ( ھاوکار جاف )کرایە ئامانج و بەداخەوە شەھیدکرا “.
هەر بە گوێرەی راگەێنراوەکەی ئاژانسی پاراستن و زانیاری، قوربانیەکە لەئەرک و فەرمانی فەرمیدا رۆڵی بەرچاوی ھەبووە لەھێزەکانی دژەتیرۆر و بواری ئەمنیدا و خزمەتی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کردووە .
لە کۆتایی راگەێنراوەکەدا هاتووە، ” وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان دەکەین کە نمونەیەکی بەرزی قوربانیدانن ، ھیوای زووچاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین ، داواش دەکەین لەھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم لەلێکۆڵێینەوەکانیاندا وردبن و راستی رووداوەکە و تۆمەتباران بۆ رای گشتی ئاشکرابکەن و رووبەڕووی دەسەڵاتی دادوەریان بکەنەوە و سزای یاساییان بەسەردابسەپێنن .”