لە بۆردومانێکی تورکیادا بۆ سەر گوندەواری کۆبانی ئەندامێکی سوپای سوریا بریندار بوو

کۆبانی – نۆرس پرێس

شەوی پێنجشەممەی رابردوو، لە بۆردومانێکی تورکیادا کە بنکەیەکی سەربازی کردبووە ئامانج، لە گوندی زوور مەغار لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانی، ئەندامێکی سوپای سوریا بریندار بوو.

گوندی “زوور مەغار” لە رۆژئاوای کۆبانی، بە زیاتر لە حەوت گولەتۆپ بۆردومان کرا و بنکەیەکی سوپای سوریا کە دەکەوێتە سەر گردی گوندەکە کرایە ئامانج.

لە ئەنجامدا ئەندامێکی سوپای سوریا بە ناوی “ئەیمەن هاواری” تەمەن 21 ساڵ بە شێوەیەکی مامناوەند بریندار بوو، دواتر بۆ چارەسەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کۆبانی.

سەرچاوە سەربازییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە “شەوی رابردوو تۆپخانەکانی تورکیا پێگەی هێزەکانی حکومەتیان لە تلت زوور مەغار لە گوندەواری کۆبانی کردۆتە ئامانج”.

شەوی رابردووش، عەبدولڕەحمان شەوکەت، دانیشتووی گوندی زوور مەغار، بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، “زیاتر لە حەوت گولەتۆپ لە دەوروبەری گوندەکە کەوتوونەتە خوارەوە، یەکێکیان لە نزیک ماڵێک و ئەوی دیکەیان لەسەر گردی گوندەکە کوتوون.”

رۆژی 3ی ئه‌م مانگه‌، چه‌ند گوندێك له‌ گوندەواری رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای شاری كۆبانی به‌ چه‌كی قورس و بە توندی بۆردومان كرایه‌وه‌ و زیانی گیانی و ماددی لێكه‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئاواره‌بوونی زۆری دانیشتوانی ناوچه‌كه‌.

ئامادەکردنی: سامر عوسمان – داڕشتنەوەی : عەدنان حەمۆ