ئێران سنوری برادۆست و باڵەکایەتی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

بۆ 13 ھەمین رۆژ لەسەریەک، تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سنوری برادۆستیان تۆپباران کردەوە، ئەوەش وایکردووە دانیشتووانی ھەشت گوندی سنورەکە نەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

بەیانی ئەمرۆ تۆپخانەکانی ئێران ناوچەکانی ” ناوروبارا و گواراسایە و گوندی کەتینە”ی سنوری برادۆستیان تۆپباران کرد، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە ناو خەڵکەوە و زیانی زۆریش بە رەز و باخی ھاوڵاتیان گەیاندووە.

 لە  ماوەی 13 رۆژی رابردوودا، ئێران بە بەردەوامی ھەشت گوندی سنوری برادۆستی تۆپباران کردووە کە بەو ھۆیەوە دانیشتوانی ئەو گوندانە ئاوارەبوون و  ھاوکات نزیکەی 500 جوتیاری سنورەکەش زیانی ماددیان پێگەیشتووە و ناتوانن بچنە سەر کێڵگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان، دوو خوێندنگەش داخراون و زیاتر لە 50 خوێندکاریش لە خوێندن دابڕاون .

هاوکات  لە سنوری باڵەکایەتی، تۆپخانەکانی ئیران، گوندی بەردەخڕ و هاوینەهەواری بێرمەسارد و كوێستانەكانی سەرچاڵ و بناری هەڵگۆردیان تۆپباران کرد.