داعش بەئامانج گرتنی دوو کەس لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور دەگرێتە ئەستۆ

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجگرتنی دوو کەس بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیاند.

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لە شارۆچکەی بەسیرە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، چەند چەکدارێکی نەناسراو بە ماتۆڕسکیلێکەوە بە چەکی ئۆتۆماتیکی هەریەک لە “ئەحمەد ئەلجەمیل” و ئامۆزاکەی “رەزا ئەلجەمیل” لە نزیک مزگەوتی ئەلسەفا لە ناوەندی  شارۆچکەی بەسیرە، بریندارکرد و دواتر گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئاژانسی ئەعماق، كە نزیكە لە داعشەوە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردۆتەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، چەكدارانی ئەو رێكخراوە، بە چەكی ئۆتۆماتیكی، دوو كەسیان لە گەڕەكی ئەلسەفا لە سەنتەری شارۆچكەی بەسیرە ، 35 کم رۆژهەڵاتی دێرەزوور، كردووەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ئامانجگرتنەکە بووەتە هۆی برینداربوونی ئەو دوو کەسە و دواتر هەڵهاتوون.

بەپێی راگەێنراوی رێکخراوەکە، هۆکاری بەئامانجگرتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەکردنیان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولرەحمان – داڕشتنەوەی: قەیس ئەلعەبدوڵا