ئەڵمانیا ژن و منداڵانی کامپەکانی رۆژئاڤا دەگەڕێنێتەوە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، ژمارەیەک ژن و منداڵی ماڵباتەکانی “داعش”ی رادەستی حکوومەتی ئەڵمانیا کردەوە، دوای واژۆکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکانی رادەستکردنەوە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە دوو راگەێنراوی جیادا، گەڕانەوەی کۆمەڵێک ژنی و منداڵی ئەڵمانییان لە کەمپی رۆژ لە گوندەواری دێریک، بۆ وڵاتەکەیان راگەیاند .
پرۆسەی گەڕاندنەوەکەی دوێنێ چوار ژن و حەوت منداڵ و گەنجێکی لەخۆگرتبوو کە لە تەمەنی 11 ساڵیدا هاتووە بۆ سوریا.
ئەو چوار ژنە لە ماوەی ساڵانی یەکەمی سەرهەڵدانی داعشدا، ساڵی 2014، لە ماوەی کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی جوگرافی فراوان لە سوریا و عێراق، پەیوەندییان بە داعشەوە کردبوو.
ئێوارەی چوارشەممە، لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالینا باربۆك، رایگەیاند، حكومەتی وڵاتەكەی چەندین ژن و منداڵەكانی گەڕاندووەتەوە لە سوریا بە گومانی پشتگیریكردن لە “دەوڵەتی ئیسلامی”.
رادەستکردنەکە لە میانی سەردانی شاندێکی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی و کونسوڵگەری لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا “کورت ستۆکل-ستیلفرید”، و بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، ئەنجامدرا و لەلایەن جێگری هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوە فنز ئەلکەعیت و بەرپرسانی دیکەوە پێشوازیان لێکرا.
سهردانهكهی شاندهكهی ئهڵمانیا یهكهم سهردانی لەوجۆرە نییه، چونكه پێشتر بهرلین گێڕانەوەی هاووڵاتییانی بۆ وڵاتەکەی ئهنجامداوه.
باربۆک وتی: “هەست بە ئاسوودەیییەکی تایبەت دەکەم، چونکە منداڵان بەرپرسیار نین لە هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکانی دایک و باوکیان، هەروەها لە کۆتاییدا قوربانیی دەوڵەتی ئیسلامین.”