هەولێر – نۆرس پرێس
بەگوێرەی بڕیارێکی حکومەتی ھەرێمی كوردستان، لە پڕۆژە و پیشەکانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، دەبێت %75ی هەلی کار لە هەر پڕۆژە و پیشەیەک بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 20ی ئەیلوولی 2022 بڕیاریداوە، نابێت خاوەنکار لە پیشە و پڕۆژەکانی لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت هیچ کەسێکی بیانی بخاتە کار ئەگەر رەزامەندی کارکردنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەدەست نەهێنابێت.
ئەو بڕیارە کە واژۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەسەرەوەیە، لە خاڵێکیدا هاتووە، دەبێت دەبێ خاوەنکار لە پیشە و پڕۆژەکانی بازاڕ و کەرتی تایبەت و پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت ئەولەویەت بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بدەن، بۆ پڕکردنەوەی دەرفەتی کار لە هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک کە لانی کەم رێژەی %75ی کاری پیشە و پڕۆژەکان لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بن و نابێت لە هیچ حاڵەتگێکدا رێژەی بیانی لە %25 تێپەڕ بکات.
دواین ئاماری هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكات ڕێژەی بێكاری لەهەرێمی كوردستان بریتیە لە (15%) واتە دیاردەیەك و كێشەیەكی ئابووری هەیە لەهەرێم كەپێی دەوترێ (بێكاری)، ڕێژەكەشی زۆرە بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی ئاساییدا،ئەمە لەكاتێكدا لەئێراقدا هاوكات رێژەی بێكاری لە وڵاتەكەدا 20% زیاترە.
رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، ئەوانەی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ناویان تۆمار کراوە، تەنیا ئەوانەن کە بەدوای کاردا دەگەڕێن و تائێستا پێنج هەزار کەس ناویان تۆمار کردووە.
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت کرێکاری خۆماڵی لە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لەپێشینەن و ماوەی چەندین ساڵە دامەزراندن لە کەرتی گشتی راگیراوە بەردەوام ڕێنمایشیان داوەتە کەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی گرنگی زیاتر بە کارمەند و کرێکاری خۆماڵی بدرێت.
لە ساڵی (2021)ەوە 5ههزار کەس بۆ دۆزینەوەی کار ناویان لە بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار کردووە، شەش ناوەندی تۆمارکردنی ناوی بێکاران لە هەولێر، سلێمانی، گەرمیان، سۆران، دهۆک و زاخۆ هەن، کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتین.