وەزارەتى بەرگریى عێراق تێکشکانی دوو ئۆتۆمبێلى داعشی لە کەرکووک راگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

شەوی دوێنێ، چوارشەممە، وەزارەتى بەرگریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، فڕۆکە سەربازییەکانیان لە گوندێکى چۆڵى سنوورى پارێزگاى کەرکووک دوو ئۆتۆمبێلى چەکدارانى رێکخراوى داعش-یان بۆردوومان کردووە.

بەگوێرەى راگەیێندراوەکە لەو بۆردوومانەدا دوو ئۆتۆمبێلى جۆرى پیک ئاپ و سۆپەر-یان تێکشکاندووە.

لە راگەێنراوەکەدا هاتووە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە لە میانی ئەرکی چاودێری کردنی فڕۆکە سەربازییە عێراقییەکاندا هاتووە.

لە هەمان رۆژدا ئاژانسى هەواڵگریى عێراق کوژرانى پێنج چەکدارى رێکخراوى داعشی لە چیاى بادۆش لە موسڵ راگەیاند، کە یەکێکیان ناوى عەوادە و بەرپرسی راگەیاندنى رێکخراوەکە بوو لە سنوورى موسڵ.