ئوسترالیا ماڵباتەکانی داعش لە کامپەکانی رۆژئاڤاوە دەگوازێتەوە بۆ وڵاتی سێهەم
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، شرۆڤەکارێکی پێشووی هەواڵگری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هێزەکانی بەرگری ئوسترالیا، ئاشکرای کرد؛ وڵاتەکەی ئەو ماڵباتانەی داعش کە هاووڵاتی ئوسترالین، دوای وەرگرتنەوەیان لە بەڕێوبەری خۆسەری، دەگوازێتەوە بۆ وڵاتی سێهەم و لەوێ چاکسازییان تێدا دەکات.
ژمارەیەک ژن و منداڵی ئەندامانی داعش لە کەمپی هۆل و رۆژ هەن؛ کە لە لایەن بەڕێوبەری خۆسەرەوە، بەڕێوەدەبرێن.
شەین هیلی، شرۆڤەکاری پێشووی هەواڵگری حکومەتی ئوسترالیا، رایگەیاند “ئوسترالیا هاوڵاتیانی خۆی دەباتە وڵاتێکی میوان لە شوێنێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵسەنگاندنێکی گشتگیریان بۆ دەکات لە رووی: دەروونی، پەروەردەیی، پزیشکی… و دواتر ئامادەیان دەکات بۆ ئەوەی تێکەڵ بە کۆمەڵگەی ئوسترالی ببنەوە.”
دۆسیەی گەڕانەوەی کانبێرا بۆ گێڕانەوەی هاوڵاتیانیان لە سوریاوە؛ پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت و پێشهاتەکان خێرا کراون، وەک ئەوەی حکومەتی ئوسترالیا رایگەیاند، کار بۆ گەڕاندنەوەی دەیان هاوڵاتی دەکات، کە پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە؛ ئەوانەی لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستاندان.
هیلی پێی وابوو مەبەست لە گواستنەوەی هاووڵاتیانی ئوسترالی بۆ وڵاتی سێهەم؛ “خاوکردنەوەی توندڕەوییانە” پێش ئەوەی تێکەڵ بە کۆمەڵگە رەسەنەکانیان ببنەوە.
بە گوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، بڕیارە لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی ئوسترالیا “بۆ پەسەندکردنی پلانی رزگارکردن و گەڕاندنەوەی زیاتر لە دەیان خێزان” لە سووریا کۆببێتەوە.
پێشتر رۆژی سێشەممە، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، کەمال عاکف، بە نۆرس پرێسی راگەیاندبوو کە لەماوەی ئەم مانگەدا، رادەستکردنی ماڵباتەکانی داعش ئەنجام دەدرێت؛ (کە زۆربەیان منداڵن) بۆ وڵاتانی رۆژئاوا، بەبێ دیاری کردنی وڵاتەکان.
ئەو شرۆڤەکارەی هەواڵگریی ئوسترالیی ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەت “لەسەدا سەد” پابەندە بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی خۆی لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستان؛ “تەنانەت ئەگەر مەترسییەکی کەمیش هەبێت” دەنێردرێنەوە.
رۆژی دووشەممە، میدیاکانی ئوسترالیا رایانگەیاند، ئەمساڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی ئوسترالیا؛ سەردانی کامپەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریایان کرد; بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی هاوڵاتیانیان پێش گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
هیلی پرسیاری ئەوەی کرد کە چۆن حکومەت “هاوڵاتیانی ئوسترالیا لە دۆخێکی وا ترسناکدا” بەجێدەهێڵێت، لە کاتێکدا هاوڵاتیانی لە وڵاتانی جەنگاوی وەک سودان و ئەفغانستانەوە دەهێنێتەوە و بڕوای وایە کە پرۆسەی یەکخستنی خێزانەکان لە ئوسترالیا؛ بەبێ هیچ کێشەیەک ئەنجام دەدرێت.
سەرۆکی رەواندی موسڵمانان لە ئوسترالیا، دکتۆر جەمال ریفی، بە سکای نیوزی راگەیاندووە، لە سەدا سەد دڵنیایە لەوەی “ئۆسترالیا بە سەلامەتی ئەو پرۆسەی گەڕانەوەیە ئەنجام دەدات.”
مات تینکلەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی رزگارکردنی منداڵانی ئوسترالیا رایگەیاند: “منداڵانی ئوسترالیا بەدخۆراکییان هەیە، بەدەست برینی چارەسەرنەکراوەوە دەناڵێنن و ئەمەش کاریگەری لەسەر چاکبوونەوەی هزرییان هەیە.”