سوێد بڕیاری قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە تورکیای هەڵوەشاندەوە

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویان کردەوە، حکومەتی سوێد گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ “باشترین رێگەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی سوێد و گەلی سوێدی. داواکاریی سوێد بۆ بوونە ئەندامی ناتۆ دەبێتەهۆی بەهێزکردنی ئەو ئارگیومێنتانەی تایبەت بە بەرگری و سیاسەتی ئەمنی کە جەخت لە هەناردەکردنی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ وڵاتانی دیکەی ئەندام دەکەنەوە، لەوانەش بۆ تورکیا.”

لە تشرینی یەکەمی 2019دا سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر سنووری گرێ سپی و سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان و کۆنترۆڵیانکردن. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە کاردانەوەی بەشێک لە وڵاتانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدوادا هات و یەکێک لەوانیش سوێد بوو کە بڕیاریدا فرۆشتنی کەرەستەی سەربازی بە تورکیا رابگرێت.

مانگی ئایار، حکومەتی سوێد داوایکرد وڵاتەکەی ببێتە ئەندامی ناتۆ. هەر وڵاتێک ببێتە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە سەربازییە دەبێت 30 ئەندامەکەی رازی بن. حکومەتی تورکیاش چەند داواکارییەکی لە سوێد هەیە و داوای جێبەجێکردنیان دەکات بۆئەوەی بەئەندامبوونەکەی پەسند بکات، لەوانەش رادەستکردنەوەی ژمارەیەک داواکراو کە بەشی زۆریان کوردن؛ هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی کە نابێت کەرەستەی سەربازی بە تورکیا بفرۆشرێت.

تا ئێستا 28 وڵات لە 30 ئەندام لە ناتۆ پڕۆسەی بەئەندامبوونی سوێد و فینلاندیان لە هاوپەیمانییە سەربازییەکە پەسندکردووە و تەنیا تورکیا و هەنگاریا ماون.