پرۆژەیاسایەکی ئەمریکی بۆ چۆڵکردنی کامپی ماڵباتەکانی داعش

ئەمڕۆ هەینیی ، ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا “جەین شاهین و لیندسی گراهام” پرۆژە یاسایەكیان خستەڕوو كە ئامانج لێی سنوورداركردنی كێشەی بڵاوبوونەوەی شانەكانی داعشە لە سوریا و چارەسەركردنی كێشەی كامپەكان بەتایبەت كامپی هۆل.

پرۆژەکە تیشک دەخاتە سەر بەرەنگاربوونەوەی کێشەی گەرەلاوژێی ئەمنی و قەیرانی مرۆیی کە لە ئەنجامی دەستبەسەرداگرتنی ماڵباتەکانی داعش لە کامپەکاندا دروست دەبێت.

بەپێی راگەێنراوە هاوبەشەكە، لەلایەن شاهین و گراهامەوە، رۆژ لەدوای رۆژ كێشەی كامپەكان مەترسیدارتر دەبێت، لە هەژدەی ئەیلولی رابردوودا هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) راسپێردرا بە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بەرفراوان لە کامپی هۆل، کە لە ئەنجامدا 300 ئەندامیداعش دەستگیرکران و شەش ژن ئازادکران.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئۆپەراسیۆنەکە دوای چەند مانگێک دێت لە یاخیبوونی زیندانی سناعە لە حەسەکە، کە بە سەدان کوژراو و ژمارەیەکیش بێسەروشوێن و برینداری لێکەوتەوە”.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە لێدوانەکانی ژەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، کراوە کە دۆخی ئەمنی لە کامپەکاندا بە کارەساتێکی مرۆیی زانیوە کە رەنگە هەزاران دەستگیرکراوی ئەمڕۆی کامپەکان “ببنە سوپایەکی چاوەڕوانکراوی داعش”.

سیناتۆر شاهین رایگەیاند کە “تێکچوونی بارودۆخی تەندروستی و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان لە کامپەکاندا نەک هەر دەبێتە هۆی مەترسی کارەساتێکی مرۆیی، بەڵکو نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێستا لە کامپەکاندا زیاتر دەکات”.

پرۆژەیاسا پێشنیازکراوەکە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کاردەکات بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەیەکی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی کە دەبێتە هۆی داخستنی کامپەکان، لەنێویاندا کامپی هۆڵ، دوای چۆڵکردنی، هەروەها چارەسەرکردنی کێشە ئەمنی و مرۆییەکانی لەوێ.

سیناتۆر گراهام وتی: من تا دێت نیگەرانم لە دووپاتکردنەوەی دەسەڵاتی داعش لە سوریا، هەروەک نیگەرانم لە بەردەوامی تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هاوینی رابردوو سه‌ردانی كه‌مپی هۆلم كرد، ئەوەی ده‌توانم بیڵێم تەنها ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دۆخه‌كه‌ لەسه‌رزه‌وی جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ و تا دێت زیاتر مه‌ترسیدارتر ده‌بێت.

یاساکە بریتییە لە داواکردن لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بەرپرسێکی پلە باڵا دامەزرێنێت، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوئاڵنگاریانەی پەیوەندییان بە گەڕاندنەوەی دەستگیرکراوانی داعشەوە هەیە بۆ وڵاتەکانیان و دانانی میکانیزمێک بۆ لێپێچینەوەی لەو زیندانی و گیراوانە و دواتر  داخستنی یەکجارەکی سەرجەم کامپەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی داعش جارێکی تر بە بەهێزەوە ناگەڕێتەوە.

سیناتۆر شاهین ساڵانێکە سەرکردایەتی ھەوڵەکان دەکات لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا بۆ پشتیوانیکردن لە ھێزەکانی سوریا، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا داوای بەردەوام بوونی لە ھاوبەشی لەگەڵ ھەسەدەدا و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو پشتگیرییانەی کرد کە پێشکەش بە رۆژئاوای کوردستان دەکرێت، بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری و رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش.

ئامادەکردنی: هەدیل عوەیس – مۆنتاژ: محەمەد ئەلقازی