ناسنامەی ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییە ئاشکرابوو کە لە بۆردومانەکانی ئێراندا شەهیدکرا
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ، ڤیدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پشتڕاستی کردەوە کە هاوڵاتییەکی ئەمریکی لە هێرشەکەی ئێراندا بۆ بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراوە.
ئەمڕۆش وێنەی پاسپۆرتی ئەو هاوڵاتییە لە سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە، بە گوێرەی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، قوربانیەکە ناوی “عومەر مەحمودزادە” یە و ناسراوە بە “چیچۆ” کە لە هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای پاسداراندا شەهید بووە و لە ساڵانی نەوەدەکانەوە لە ئەمریکا ژیاوە.
بە گوێرەی زانیاری میدیا فارسیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئەو هاوڵاتیەی لەو هێرشانەدا بووە بە قوربانی هەڵگری پاسپۆرتی ئەمریکی بووە و بە رەگەز خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە.
بەرپرسە ئەمریکیەکە ڕایگەیاند، بەهۆی ڕەچاوکردنی پاراستنی نهێنی ناتوانێت هیچ لێدوانێکی زیاتر لەسەر ئەو دۆسیەیە بدات، پێستریش ئەمریکا رایگەیاندبوو هیچ بەرپرس و کارمەندیکی سەربازی ئەمریکی لەو هێرشەدا نەکوژراوە.