فەرماندەیەکی پێشووی سوپای پاسداران شێوازی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی دەدرکێنێت

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

محەممەد باقر بەختیار، فەرماندەیەکی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی یوتیوبەوە تۆمارێکی دەنگیی بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لە چۆنێتیی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بە دەست هێزەکانی پۆلیسی ئێران دەکات و دەڵێت؛ بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هەندێک سەرچاوەی متمانەپێکراوەوە بە دەستی گەیشتووە، ژینا ئەمینی لە کاسەی سەری دراوە و حکومەتی ئێران دەیەوێت شێوازی کوژرانی ژینا لە خەڵک بشارێتەوە.

محەممەد باقر بەختیار لە تۆمارە دەنگییەکەیدا دەڵێت؛ لە رێگەی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی بەویژدانەوە لە دۆسیەی دادپزیشکی ژینا ئەمینی ئاگادارکراوەتەوە و پزیشکانی نەخۆشخانەی کەسرای تاران بەو سەرچاوانەیان گوتووە؛ کاتێک ژینا ئەمینی گواستراوەتەوە بۆ ئەو نەخۆشخانەیە، بە ئاشکرا بینیویانە لێی دراوە و تووشی خوێنبەربوونی ناوەوە بووە و پزیشکەکان سپڵی ژینایان دەرهێناوە بۆ ئەوەی رزگاری بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا بەهۆی شکانی کاسەی سەری، مێشکی لەکارکەوتووە و گیانی لەدەستداوە.

ئەو فەرماندەیەی پێشووی سوپای پاسداران دەشڵێت، ئەگەر حکومەت ژیر بووایە و بەرپرسیارێتی ئەو کوشتنەی لە ئەستۆ بگرتبایە و، داوای لێبوردنی لە خەڵک و خێزانی ژینا بکردایە، کەمتر لەسەری دەکەوت، بەڵام بەهۆی شوناسی زێدەڕۆییانەی دەسەڵاتەوە، ئەو شتە رووینەدا و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی لێکەوتەوە.

محەممەد باقر بەختیار لە بەشێک لە گوتەکانیدا دەڵێت؛ درووشمی خۆپێشاندەران و ناڕازییەکان راستەوخۆ روو لە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و خەڵک بە ئاشکرا دەڵێن، ئەم حکومەتەیان ناوێت و داوای گۆڕینی دەکەن، بەڵام حکومەت بە بیانووی “بێڕزی خۆپێشاندەران بە پیرۆزییەکان”، هەوڵی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان دەدات.

ئەو فەرماندەیەی پێشووی سوپای پاسدارن هەروەها لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیشیدا داوای لێبوردن لە خەڵک دەکات و دەڵێت: “شەرمەزارتانم کە لە سەردەمێکدا بە ناوی ئامانجخوازییەوە، پشتگیریی کۆماری ئیسلامیم کردووە و ئێستا کەسانێک دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان بەدەستەوە گرتووە کە خەریکن لە دەستکەوتەکانی خەڵک کەڵکی خراپ وەردەگرن”.

محەممەد باقر بەختیار، یەکێک بوو لە فەرماندە سەرەتاییەکانی سوپای پاسدران کە لە دوای مردنی روحوڵڵا خومەینی و بوونە رێبەری عەلی خامنەیی، وردە وردە لە سوپای پاسداران دوور کەوتەوە. ماوەیەکیش فەرماندەی سوپای پاسدارانی پارێزگای سنە بووە و ئێستا خانەنشینە و لە تاران دەژی.