قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین رایگەیاند کە رووسیا چوار ناوچەی ئۆکرانیا دەخاتە سەر وڵاتەکەی، ئەمەش لە میانی مەراسیمێکی گەورەدا کە ئەمڕۆ هەینی لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.
پێسکۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی لکاندنی هەرێمەکان لە میانی مەراسیمێکدا لە کرێملین دەبێتە فەرمی، ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکی رووسیا لەم بۆنەیەدا وتارێکی “گرنگ” پێشکەش دەکات، بەپێی ئەوەی کە ماڵپەڕی ” فەرانس پرێس” بڵاویکردووەتەوە.
پێسکۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، لە هۆڵی سانت جۆرج لە کۆشکی کرێملین مەراسیمێک بەڕێوەدەچێت، بەبۆنەی واژۆکردنی بڕیاری لکاندنی زەوییە نوێیەکان بە رووسیاوە.
هەینی رابردوو پرۆسەی ڕیفراندۆم لە دۆنێتسک، لوگانسک، خێرسۆن و زاپۆرۆژی ئۆکرانیا بۆ لکاندنیان بە رووسیاوە دەستیپێکرد.
میدیاکانی رووسیا لە زاری دێنیس پارفیۆنۆڤ، نوێنەری ئەنجومەنی دۆمای دەوڵەتی روسیاوە بڵاویانکردەوە، جێگرەکان بانگهێشتنامەیان بۆ کرێملین پێگەیشتبوو بۆ ئەوەی بەشداری لە چالاکیەکدا بکەن کە ئەمڕۆهەینی بە بەشداری ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا بەڕێوەدەچێت.