ژنانی ئەفغانستان خۆپیشاندانێکی هاوسۆزی بۆ “ژینا ئەمینی” رێکدەخەن
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی تاڵیبان تەقەیان بە ئاسماندا کرد، بۆ بڵاوەپێکردنی گردبوونەوەیەکی ژنانی ئەفغانی؛ کە بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی، خۆپیشاندانێکی ناڕەزاییان ئەنجامدا.
نزیکەی دوو هەفتەیە، دەیان شار و شارۆچكەی ئێران ناڕەزایی خوێناویی بەخۆوە دەبینن، ئەویش دوای شەهیدکردنی ژینای تەمەن 22 ساڵ، كە لەلایەن “پۆلیسی ئەخلاق”ی ئێرانەوە لە تاران دەستبەسەر كرابوو.
دەیان ژن لە شاری کابول بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و بە وتنەوەی هەمان دروشمی بەناوبانگی کوردی “ژن، ژیان، ئازادی” چوونە دەرەوە.
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، خۆپیشاندانەکە لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لە کابول بەڕێوەچووە، پێش ئەوەی لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە بڵاوەیان پێبکرێت، کە بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس بە تەقە بڵاوەیان پێکراوە.
خۆپیشاندەران دروشمیان هەڵگرتبوو کە لەسەریان نووسرابوو “ئێران هەستا، ئێستا نۆبەی ئێمەیە”، هەروەها “لە کابولەوە بۆ ئێران، نا بۆ دیکتاتۆریەت”، هەروەها وێنەی ژینا ئەمینییان بەدەستەوە بوو.
زۆری نەخایاند، هێزەکانی تاڵیبان لافیتەی خۆپیشاندەرانیان دڕاند و ناڕەزایەتییەکەیان بڵاوەپێکرد.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : هۆزان زوبەیر