بارەگای بارزانی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی ئەمڕۆی ئێران ده‌كات.. تاوانکارییە و داوا دەکەین دەستبەجێ رابگیرێن

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

بارەگای بارزانی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی ئەمڕۆی ئێران ده‌كات بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و داوا ده‌كات ده‌ست به‌جێ ئەو پەلامار و بۆردوومانانە رابگیرێن و به‌ تاوانكاری داده‌نێت.

ئه‌مرۆ چوار شه‌ممه‌ بارەگای بارزانی له راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كانی ئێران رایگه‌یاند‌، “داوا دەكەین دەستبەجێ ئەو پەلامار و بۆردوومانانە رابگیرێن و هەرێمی كوردستانیش چیدیکە نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی وڵاتانی دراوسێ”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “سەرکۆنەی ئەو پەلامار و بۆردوومانانە دەكەین، چونكە بووەتە هۆی كوشتن و برینداربوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و ژن و منداڵی بێتاوان و ئەوە لەڕاستیدا تاوانكارییە”. 

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووه‌، “ئەو پەلامار و بۆردوومانانە پێشێلكردنی بنەماكانی دراوسێتی و دۆستایەتی و سەروەرییە و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و لە دژی بەرژەوەندی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، “مووشەكبارانكردن و پەلاماردان چارەسەری كێشەكان ناکات و پێویستە چیدیکە پەنا بۆ ئەو جۆرە كردەوانە نەبردرێت كە جگە لە تاوانكاری و ناسەقامگیری هیچی لێ بەرهەم نایەت”.

به‌ درێژایی ئه‌مرۆ سوپای پاسدارانی ئێران چەند جارێک به‌ مووشەک و درۆن هێرشیکردە سەر بنکە و بارەگاکانی حزبه‌كانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، زڕگوێز و شێراوە، هەروەها ماوەی چەند رۆ‌ژێکیشە بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبانە لە ناوچە سنوورییەکان بۆردوومان دەکات و به‌ پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندورستی هه‌رێم تاوەکو ئێستا 9 کەس شه‌هید بوونه‌و  32 ی دیكه‌ش بریندار بوون.