لە عێراق هاوپەیمانێتییەكی نوێ پێکهێنرا

هەولێر – نۆرس پرێس

سەرەتای ئەم هەفتەیە هاوپەیمانێتییەكی نوێ لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەناوی “ئیدارەی دەوڵەت” راگەیەندرا، هاوپەیمانێتییەکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقە و زۆرینەی لایەنە کاریگەرەکانی کۆکردووەتەوە بەبێر سەدر و بەشێکی سوننەکان، بەڵام هێشتا دیارنییە ئەم هاوپەیمانێتییە دەتوانێت گرێکوێرەی پێکهێنانی حکومەت بکاتەوە یاخود نا.

هاوپەیمانێتییە نوێیەکە هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان لەخۆدەگرێت و زۆرینەی پەرلەمانی عێراقیان مسۆگەرکردووە.

بەپێی زانیارییەکان، لە كۆبوونەوەی لایەنەكان و چوارچێوەی هەماهەنگییدا لەسەر چەند خاڵێک گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و بەشێک لە مەرجەکانی کورد و سوننەش قبوڵکراوە، لەوانەش ڕاگرتنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و دەرکردنی لێبووردنی گشتیی و كشانەوەی حەشدی شەعبی لە ناو شارە سوننە نشینەکان.

هێشتا موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر بەرامبەر پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانێتییە بێدەنگە. بەڵام دوێنی غایب عامری، سەركردەی ڕەوتی سەدر لە یەکەم هەڵوێستی ڕەوتەکەیدا لە تویتێکدا ڕایگەیاند:”چوارچێوەكە هەر وەک چوارچێوە دەمێنێتەوە، مەحاڵە ببێتە بزووێنەر”.

ئێستا کە زۆرینەی لایەنەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی، کاندیدی چوارچێوە هەماهەنگییەوە، تشرینییەکان ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە ساڵیادی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019دا، پێشبینیش دەکرێت موقتەدا سەدر پشتیوانیی لەو خۆپیشاندانانە بکات و وەک چاودێران دەڵێن، “ڕەنگە سەدر ئەو خۆپیشاندانانە بقۆزێتەوە و دژایەتیی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی پێ بکات”.