ئێران و تورکیا بە نۆرە بۆردومانی هەرێمی کوردستانیان کرد

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، تۆپخانەکانی هێزەكانی ئێران ناحییەی سیدەكانی سەر بە پارێزگای هەولێریان بۆردۆمان كرد.

بە پێی راگەیاندەكانی ئێران، دوێنێ سوپای پاسداران، چەند بنكەیەكی گروپە سەربازییەكانی دژ بە ئێرانی لە هەرێمی كوردستان بۆردۆمان كردووە.

چەند سەرچاوەیەك لە هەرێمی كوردستان ئاماژەیان بەوە كرد، بۆردومانەكانی ئێران زیانی گیانی لێ نەكەوتەوە.

ئەم هێرشە هاوكاتە لە گەڵ سەرهەڵدانی روبەرروبوونەوە لە نێوان هێزەكانی ئێران و خۆپیشاندەران لە چەندین شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆی شەهید كردنی (ژینا ئەمینی) لە لایەن پۆلیسی ئێرانەوە.

راگەیێندراوەکەدا سوپای پاسداران ئاماژەیان بەوە داوە، ئەوە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەیان بووە، هێرشەکەیان ئامانجی پێکاوە و “کوژراوی لێکەوتووەتەوە”.

ئەمڕۆش فڕۆکەکانی تورکیا چەند جارێک سنووری ئاکرێ و ئامێدییان بۆردوومان کرد، بە وتەی میدیاکانی ناوخۆی هەرێم، زیانە مادیەکان دیار نین، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی بەدواوە نەبووە.

ئەم بۆردوومانە لەکاتێدایە کە سوپای پاسدارانی ئێران، دوێنێ شەممە رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێک لە هەرێمی کوردستان بە “ئاگرباران و تۆپباران” دەستپێدەکات و داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد لە بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبانەی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، دووربکەونەوە.

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئۆپەراسیۆنێكیان لە “هەرێمی باکووری عێراق” دەستپێکردووە و بەردەوام دەبن لە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانیان، هەروەها بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسیار دەزانن لە بەرامبەر پابەندییە نێودەوڵەتییەکانیان و بەردەوامبوونیان لە بەرپرسیارێتییە یاساییەکانیان.