هه‌ولێر – نۆرس پرێس
فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) له‌باره‌ی گیانله‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی، رایگه‌یاند، “كوشتنی ژینا، داڕمانی ئه‌خلاقییه و پشتگیریی ناڕه‌زایەتییەكان ده‌كه‌ین، کێشەی کورد و ژنان لە ئێران دەبێت بە شێوازی گونجاو چارەسەر بکرێت”.
مه‌زڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) له په‌یامێكدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه، “کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقیی ئێرانەوە، داڕمانی ئەخلاقییە و جێگەی شەرمەزارییە، پشتگیریی ئەو دەنگە ناڕەزاییانە دەکەین، کە دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بەرزدەکرێتەوە و سڵاو لەتێکۆشەران و خەڵکی ناڕازیی دەکەین”.
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، “کێشەی کورد و ژنان لە ئێران دەبێت بە شێوازی گونجاو چارەسەر بکرێت، پرسە و سەرەخۆشیش لە بنەماڵە و گەلی کوردستان دەکەین”.
ژینا ئەمینی کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی 13ی ئەیلول لەکاتێکدا لەگەڵ خێزانەکەی بەسەردانێک چونەتە تاران، بە تۆمەتی “پابەندنەبون رێکارەکانی باڵاپۆشیی”ەوە لەلایەن پۆلیسی چاودێریکردنی جلوبەرگی ژنان دەستبەسەرکراوە، دوای چەند کاتژمێرێکی مانەوەی لە زیندان ژینا کەوتوەتە دۆخی بێهۆشی و گیانی له‌ده‌ستداوه.

له‌و ڕۆژه‌وه خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران ده‌ستی پێكردووه،و بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی 20 خۆپێشاندەر له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان کوژراون. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راگەیاندووە، لە 10 پارێزگادا لانیکەم 30 کەس کوژراون و پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان زۆر زیاتر بن.
سەدان خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەستبەسەر کراون، بەتایبەت لە شاری سنە ژمارەیەکی زۆری چالاکڤان، لەوانە چالاکڤانانی مافەکانی ژنان دەستبەسەر کراون.