فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ستایشی هەسەدە دەکات

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لەبارەی هەوڵی شانەکانی داعش بۆ هێرشکردنە سەر کامپی هۆل، لە رۆژهەڵاتی حەسەکە، لێدوانیدا و ستایشی وەڵامدانەوەی خێرای هێزەکانی سووریای دیموکراتی کرد.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن بەڕێوەبەری کاروباری گشتی فەرماندەیی ناوەندی، عەقید جۆ بوچینۆوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، “هەسەدە” رێگری لە دوو ئۆتۆمبێلی کردووە کە کۆمەڵێک ئەندامی داعشیان پێبووە و بەڕێوەبوون بۆ کامپی هۆل.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە ناوچەکەدا چالاکن، بەخێرایی دەستوەردانیان کردووە و بەرپەرچی هێرشبەرانیان داوەتەوە.

پێرێ چوارشەممە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ رایانگەیاند کە پلانی هێرشی شانەکانی داعشیان بۆ سەر کەمپی هۆل پووچەڵ کردووەتەوە، کە بریتی بوو لە بە دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو، بە نیاز بوون هێرشیان پێ بکەنە سەر کامپەکە.

ئاسایش” ئاماژەی بەوەدا کە پێکدادان لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوەکە بووەتە هۆی کوژرانی سێ ئەندام و دەستگیرکردنی چواری ئەندامی دیکەی داعش.

فەرماندەیی ناوەندی ستایشی وەڵامدانەوەی خێرای هێزەکانی هەسەدەی کرد لە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکاندا و ئاماژەی بەوەدا کە هەسەدە پیشەییانە پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە پیشانداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “خێرایی وەڵامدانەوەی هێزە هاوبەشەکانمان” تیشک دەخاتە سەر کۆڵنەدان و پابەندبوونیان بە هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی شکستی داعش، هەروەها خۆبەخشییان بۆ خەڵکی ناوچەکە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەدنان حەمۆ