نوسەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە فەیسبوک هەواڵی شەهیدبوونی جگەرگۆشەکەی راگەیاند
هەولێر – نۆرس پرێس
سەلیم حەقیقی، کوردێکی خەڵکی شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ئێستادا نیشتەجێی تاراوگەیە ، لە وڵاتی نەرویج دەژی، لە هەمانکاتدا، نوسەر و رۆمان نوسێکی ناسراوە، ئەمڕۆ لە روپەڕی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک، هەواڵی شەهید بوونی جگەرگۆشەکەی، “میلان حەقیقی” راگەیاند، کە دوێنێ شەو بە فیشەکی راستەوخۆی پۆلیسی ئێرانی شەهید کرا.

سەلیم بە نیگەرانیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە کە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا و هاوڵاتیانی کورد لە گشت لایەکەوە هاوخەمیان بۆ دەربڕی و هیوای سەرکەوتنیان بۆ شۆڕشی رۆژهەڵات خواست.
لە پەیامەکەی سەلیم حەقیقیدا هاتووە:” ئەمشەو ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لە کاتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بە مەرگی هۆڤییانەی ژینا ئەمینی، شاری شنۆش وەک هەموو شارەکانی کوردستان هەستایەوە، لەم ناڕەزایەتییە دا هێزە ئەمنییەکان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە کە بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە داواکاری خۆیان دەردەبڕی. لەو شەوە پڕ لە حیماسەیەدا زۆر بەداخەوە هەتا ئێستا سێ هاونیشتمانی بەناوەکانی سەدرەدین لێتان، ئەمین مەعرەفەت و میلان حەقیقی گیانی پاکی خۆیان فیدای ئامانجە بەرز و مەزنەکانی گەلی کورد کرد. “
سەلیم لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا باس لە خەمی قوڵی خۆی دەکات بۆ لەدەسدانی جگەرگۆشەکەی و دەڵێ: “ئەگەرچی برینی ساتەوەختی ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە تەزاندمی و ئێستاش پێم ڕاست نییە بەڵام لەناو هەموو ئەو خەم و حەسرەت و بێکەسییەی خۆم دا لەناو بارانی هەنیسکاوی ئەسرینی دانەبڕاوم دا لەناو غەمێکی قووڵ و حەسرەتێکی نەپساوەدا لەناو بەحری ئازار و ژان و قاڵبوونەوەیەدا لەناو ئەوپەڕی زوڵم و نەهامەتی و بێ دەستەڵاتیم دا، سەربەرزم بە میلان و هەموو ڕۆڵەکانی نیشتمان کە گیانی پاکی خۆیان فیدای خاک و نیشتمان و باوەڕە بەرزەکانییان کرد.”
لە کۆتا وشەی پەیامەکەیدا دەنوسێت “کوردستان سەلامەت”