لە خوێندنگەیەکی سلێمانی 100 منداڵ توشی سکچون و رشانەوە بوون

سلێمانی- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 100 خوێندکاری خوێندنگەیەک لە شاری سلێمانی، توشی سکچوون و رشانەوە بوون و سەردانی نەخۆشخانەی د.جمال ئەحمەد رەشیدی تایبەت بەمنداڵانیان کردووە، لەسەر ئەو دۆسیەیەش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە.

ئەوەش هاتوە، بەمەبەستی بەدواداچون بۆ ئەو حاڵەتە، راستەوخۆ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لیژنەیەکی تایبەت لە (چاودێری تەندروستی، یەکەی ئاو، تەندروستی خوێندنگاکان) راسپارد، کە بەدواداچون بکرێت لە دۆزینەوەی حاڵەتەکان و نمونەی خۆراك و ئاو بۆپشکنینی تاقیگەیی وەربگیرێت.

مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، لە شاری سلێمانی و هەندێک لە شار و شارۆچکەکانی تری هەرێمی کوردستان سکچوون و رشانەوەیەکی توند بڵاوبوویەوە، کە لە دواییدا لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشدارییاندا لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لەو هەرێمە.

 لە ئێستاشدا کە لە رۆژئاوای کوردستان پەتای کۆلێرا بڵاوە و ژمارەی گومانلێکراوان بە کۆلێرا لە رۆژئاڤا گەیشتووەتە 2867 کەس،  و 78 تووشبوون پشتڕاست کراوەتەوە، هەروەها تا ئێستا 16 کەس گیانیان لەدەستداوە.

تا ئێستا نەزانراوە بڵاوبوونەوەی ئەم تەوژمە نوێیەی سکچوون و رشانەوە لە شاری سلێمانی پەیوەندی بە کۆلێراوە هەبێت یان نا.

ئامادەکردن و دەڕشتنەوەی: بەهزاد ئەحمەد