رۆژهەڵاتی کوردستان.. 10 شەهید و 450 بریندار
هەولێر- نۆرس پرێس
خۆپیشاندان و ناڕهزایی له شارهكانی رۆژههڵاتی كوردستان و ئێران بۆ دهربڕینی ناڕهزایهتی دژ بە شەهید کردنی ژینا ئهمینی بهردهوامه و بهپێی راپۆرتێكی رێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو، تا ئێستا 10 شەهید و 450 بریندار هەیە.
هەرچەندە خۆپیشاندان لە سەرانسەری ئێراندا ساز دەکرێت، ئەوەی جێگای سەرنجە تەنها لە شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێزە ئەمنییەکانی ئێران توندوتیژی بەکار دەهێنن و بە فیشەک وەڵامی خۆپیشاندەران دەدەنەوە، لە کاتێکدا لە شارە ئێرانیەکاندا بە ئاو یان تەزووی کارەبایی خۆپیشاندەران دوور دەخەنەوە.
بە وتەی چالاکوانانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە چاودێری دۆخەکە دەکەن، تا ئێستا زۆربەی توندوتیژییەکانی رژێمی ئێران بەرامبەر بە خوپیشاندەران لە ناوچە کوردییەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتە.
رێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو له راپۆرتێكدا بڵاویكردهوه، “لهوهتهی ناڕهزایهتییهكان له رۆژههڵاتی كوردستان دژ بە شەهید کردنی ژینا ئهمینی دهستیپێكردوه، لانیکەم سێ هاوڵاتیی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چهكدارهكانی ئێران شەهید کراون و زیاتر لە 161 هاوڵاتیش هەر بە دەستڕێژی ئەو هێزانە برینداربون و دەیان کەسیش دەستبەسەرکراون”.

ئاماژهی بهوهشكردوه، دوای شەهیدکردنی “فواد قەدیمی” یەکێک لە بریندارەکانی ناڕەزایەتییەکانی دیواندەرە و هەروەها شەهیدبوونی ژنێک بە ناوی “مینو مەجیدی” لە خۆپیشاندانەکانی کرماشان له چوار رۆژی رابردودا، ژمارەی شەهیدەکان بۆ حهوت کەس بەرزبوەتەوە کە ناوەکانیان بریتین لە (فواد قەدیمی، موحسین محەممەدی خەڵکی دیواندەرە، زەکەریا خەیاڵ 16 ساڵە و خەڵکی پیرانشار، فەرجاد دەروێشی خەڵکی ئورمیە، رەزا لوتفی خەڵکی دێولان، مینو مەجیدی خەڵکی قەسری شیرین و فەرەیدون مەحمودی خەڵکی سەقز).
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لانیکەم لە ههریهكه له شارهكانی ئاودانان، ئیلام، کرماشان، سنە، مەریوان، ئورمیە، بانە، نەغەدە، قوروە، ڕەبەت، سەردەشت، پیرانشار، ماکۆ و بازرگان خۆپیشاندانی ناڕهزایی دژ بە شەهیدکردنی ژینا ئەمینی تهمهن 22 ساڵ دهستیپێكردوه.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دهڵێت، تەنها لە چوار ڕۆژی ڕابردودا بە گشتی حهوت هاوڵاتیی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران شەهید کراون و 450 کەسیش برینداربون، کە زۆربەی ئەو کەسانە لە ترسی دەستبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەردانی بنکە تەندروستییەکانیان نەکردوە، بەڵام ڤیدیۆ و وێنەی برینداربونیان کەوتوتە دەست هەنگاو و ژمارەیەک لەو دیمەنانەش لە لاپەرەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە.
ئهوهش خراوهتهڕو، لە چوار رۆژی رابردودا زیاتر لە 500 هاوڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.