پەکین واشنتن بە “دزینی نەوت” لە سوریا تۆمەتبار دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی چین هێزەکانی ئەمریکای لە سووریا بە دزینی 80%ی نەوتی سووریا تۆمەتبار کرد.

وانگ ون بین، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا “رۆژانە تا 66 هەزار بەرمیل دەدزن، کە دەکاتە 82%ی کۆی بەرهەمی نەوتی سووریا”.

وانگ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە “دزینەکانی ئەمریکی بێباکانەتر بوون”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سوریەکان ناچارن بۆ چەند کاتژمێرێک لە بەنزینخانەکان لە ریزدا بوەستن، “لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا دزییان لێدەکەن”.

له‌ 2015ه‌وه‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ باکوری سوریا ئاماده‌ن بۆ شه‌ڕکردن دژ بە ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش)، و هێزه‌کانی سووریای دیموکرات یاوه‌رییان کردووه‌ و به‌پێی داتاکانی بەڕێوبەری خۆسه‌ریش هیچ کۆمپانیایەکی بیانی له‌ بواری وزه‌ و نەوتدا لە ناوچەکە وه‌به‌رهێنانی نه‌کردووه‌.

حكومه‌تی سووریا و هەریەک لە چین و رووسیا كه‌ هاوپه‌یمانن له‌ قه‌یرانی سووریادا، چه‌ندین جار هێزه‌كانی ئه‌مریكایان به‌ دزینی نه‌وتی سووریا تۆمه‌تبار کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین داوای کرد “واز لە تاڵانکردنی سامانەکانی سووریا بهێنرێت، رێز لە سەروەری سووریا و یەکپارچەیی خاکی سووریا بگیرێت، گەمارۆ تاکلایەنەکانی سەری هەڵبگیرێت”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: قەیس ئەلعەبدوڵا