بەرپرسێک لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر: راگرتنی گەڕانەوەی هاووڵاتیانی عێراق لە کەمپەکان کاردانەوەی نەرێنی دەبێت

حەسەكە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ راگرتنی گەڕانەوەی هاووڵاتیانی لە کەمپی هۆل و رۆژ، بارگرانییەکی دەخاتە سەر بەڕێوبەرایەتی خۆسەر و کاردانەوەی نەرێنی دەبێت.

شێخموس ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بڕیاری حکومەتی عێراق لە راگرتنی گەڕانەوەی هاووڵاتیانی کاریگەری خراپی لەسەر بەڕێوبەرایەتی خۆسەر هەیە، بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی عێراقی و ئاوارەکانی سوریا لەناو کەمپەکانن.

بەپێی میدیای عێراق، لە 12ی شوبات، وەزارەتی کۆچ و كۆچبەرانی عێراق راگرتنی پڕۆسەی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی عێراقی لە کەمپەکانی هۆل و رۆژی رۆژئاوای كوردستان راگەیاند، ئەوەش بەهۆی کێشەی بودجەوە و دوای راگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکاش هات.

ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر بەڕێوبەرایەتی خۆسەر رایگەیاندبوو، كە ئەو كەمپانەی لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستانن چۆل دەكرێن، و “بێگومان هیچ کەسێک ناچار ناکەین بگەڕێتەوە”.

لە ساڵی 2025وە چوار كاروانی ئاوارە عێراقییەکان کەمپی هۆل و رۆژیان بەجێهێشتووە، ئەوەش بە هەماهەنگی نێوان بەڕێوبەرایەتی خۆسەر و حکومەتی عێراق.

بەپێی ئەو فەرمانە جێبەجێکارییەی کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەند کاتژمێرێک دوای دەستبەکاربوونی بۆ خولی دووەم واژۆی لەسەر کردووە، “هەموو بەرپرسانی وەزارەت و دەزگاکانی بەرپرس لە بەرنامەکانی هاوکاریی گەشەپێدانی دەرەکیی ئەمریکا دەبێ دەستبەجێ پابەندبوونە نوێیەکان و خەرجکردنی پارەی هاوکاریی گەشەپێدان رابگرن”.

ئامادەکردنی: دڵسۆز یوسف – داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە