شاندێکی باڵای بەرگریی ئەمریکا لە هەولێرە
هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی سڵێست واڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە هەولێر و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێکرا، وا بڕیارە دواتر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە.
شاندەکە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بڕیاریشە لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە کۆببێتەوە.
شاندە باڵاکەی ئەمریکا پێکهاتوون لە سڵێست واڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاساییشی نێودەوڵەتی؛ فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان؛ تیمی ئاسایشی هاریکاری ئەمریکا لە عێراق؛ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک راوێژکاری سەربازی و نێردەی دیپلۆماسی.
شاندەکەی پێنتاگۆن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ چەند ساڵی داهاتوو واژۆ دەکەن.