“پارتی کرێکارانی کوردستان” لە وەڵامی وتارەکەی ئۆجەلان ئاگربەست رادەگەیەنێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” ئەمڕۆ شەممە ئاگربەستی راگەیاند، ئەویش وەك وڵامێك بۆ وتارەكەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە لە دورگەی ئیمرالی لە تورکیا زیندانی کراوە، كە لە وتارەكەی داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستانی كرد و داوی کۆنگرەی پارتەكەی كرد بۆ دانانی چەک.

رۆژی پێنجشەممە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەر و ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، لە بەیاننامەیەکی مێژووییدا، دوای چوار دەیە لە ململانێ لە ئەستەنبوڵ، داوای لە سەرکردایەتیی “پەكەكە” کرد چەک دابنێت و پارتەكە هەڵبوەشێنەوە.

دەستەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: “لە ئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیەنرێت و جەختیش دەکەینەوە کە جێبەجێکردنی دانانی چەک تەنها بە سەرکردایەتی پراکتیکی ئۆجالان دەکرێت”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە چەكدارانی “پەکەکە” هیچ ئۆپەراسیۆنی چەکداری ئەنجام نادەن “ئەگەر هێرشمان نەكرێتە سەر”.

دەستەی کارگێڕی ئامادەیی خۆی بۆ بەستنی کۆنفرانسی حیزب دەربڕی و رایگەیاند: بۆ بەدیهێنانی ئەمە پێویستە هەلومەرجی گونجاو دروست بکرێت و بۆ ئەوەی کۆنفرانسەکە سەرکەوتوو ئەنجامبدرێت، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵڵا ئۆجالان) سەرکردایەتی کۆنفرانسەکە بکات”.

وتارەکەی ئۆجەلان لەلایەن شاندێکی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلانی (دەم پارتی) لە تورکیا خوێندرایەوە، کە لەم دواییانەدا چەند جارێک لە زیندانی ئیمرالی سەردانی ئۆجالانیان کردبوو.

وتارەکەی ئۆجەلان ئاماژەیەک بوو بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی نوێ لەگەڵ تورکیا، سەرکردە و سیاسەتمەدارانی تورکیش پێشوازییان لەو دەستپێشخەرییە کرد، و چاوەڕوان دەكرێت کۆنفرانسی پارتەکە و راگەیاندنی هەنگاوە کردەییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەریی ئاشتی بكرێت.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە