دوو هێرش كرایە سەر شەڕڤانانی “هەسەدە” لە گوندەواری دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ هەینی، چەند چەکدارێکی نەناسراو دوو هێرشی جیاوازیان كردە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” لە گوندەواری دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا.

سەرچاوەیەكی سەربازی لە نێو شەڕڤانانی “هەسەدە” لە دێرەزوور بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “چەکدارانی نەناسراو بە ماتۆڕسکیل هاتبوون تەقەیان لە خاڵێکی پشکنینی “هەسەدە” کرد، لەسەر پردی مڕاشیدە لە ناحییەی سوسەی رۆژهەڵاتی دێرەزوور، خۆشبەختانە  زیانی تەنها ماددی بوون.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشێکی دیکە لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە كرایە سەر بارەگایەکی “هەسەدە” لەسەر رێگای سەرەکی شارۆچکەی نەملییە، لە ناحییەی سورەی باکووری دێرەزوور، ئەویش هیچ زیانێکی گیانی و برینداری لێنەكەوتەوە.

دوو رۆژ لەمەوبەر چەکدارانی نەناسراو خاڵی پشکنینی موشاهەدەی شەڕڤانانی “هەسەدە”یان لە شارۆچکەی درەنجی رۆژهەڵاتی گوندەواری دێرەزوور كردە ئامانج، و تەنها زیانێکی ماددی لێكەوتەوە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: محەممەد قازی