ڤلادمیر پوتین: جووڵەی سەربازی ئەمڕۆ دەستپێدەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنی تۆمارکراودا ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، “بە پێویستی دەزانم پاڵپشتی لە پێشنیازی وەزارەتی بەرگری و سوپاسالار بکەم بۆ ئەنجامدانی جووڵەی سەربازی سوپای رووسیای فیدڕاڵ.”

پووتین گوتی، جووڵەی سەربازی ئەمڕۆ دەستپێدەکات و ئەوەی لە توانایاندابێت لە پاڵپشتی سەربازی دەیخەنە بەردەستی سەربازان بۆ ئەوەی ئامانجەکەیان بپێکن.

هەر لەو گوتارە تەلەڤزیۆنییەدا پووتین 23 تاوەکو 27ی ئەیلوولی وەکو رۆژانی گشتپرسی لە هەریەک لە هەرێمەکانی دۆنباس، خێرسۆن و زاپۆریژیا راگەیاند؛ گوتیشی، بڕیاری خەڵکی ئەو ناوچانە هەرچییەک بێت، حکومەتەکەی راستەوخۆ پشتگیریی دەکات. پووتین دەشڵێت، بڕیاری گشتپرسی بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی ناوچەکە دەبێت.

پووتین بە وڵاتانی رۆژئاوای گوت، هەموو سنوورێکی ئەم جەنگەیان “بەزاندووە” و بە جەنگی بەوەکالەت لە دژی رووسیا تۆمەتباری کردن.

پووتین گوتی، رۆژئاوا چەکی دوورمەودا “دەدەن” بە ئۆکراینا بۆ ئەوەی کریمیا و ناوچەکانی رووسیای پێبکەنە ئامانج و ئاماژەی بەوەش کرد، لە لەندەن، واشنتن و برووکسل بە ئاشکرا دەگوترێت کە دەیانەوێ رووسیا لە مەیدانی جەنگ تێبکشێنن. “رووسیا خاوەنی چەک و مووشەکی بەهێزترە و لە وەڵامدانەوە سڵ ناکاتەوە و ئەمەی دەشیڵێم چەواشەکاری نییە.”

ڤلادیمیر پووتین باسی لەوە کرد، “من ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراینا بە خاکی رووسیا دەزانم؛ هەر هەوڵێک بۆ وەرگرتنەوەیان وادەکات بە چەکی ئەتۆم وەڵام بدەینەوە.”

لە گوتارەکەیدا پووتین بەڵێنیدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی لە ئۆکراینا سەربخات و راشیگەیاند، چەک دەدەنە ئەو خۆبەخشانەی دەیانەوێ شەڕی ئۆکراینا بکەن.

پووتین گوتی، “نازییە-شوێنکەوتووەکان خەڵکی سڤیل دەکوژن، دەیانخەنە زیندان و ئازاریان دەدەن، 5 ملیۆن کەس لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانی ئۆکراینا دەربەدەردەبن.”