نێچیرڤان بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران پێشهاته‌كانى ناوچەکە تاوتوێی دەكەن

هەولێر – نۆرس پرێس

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و سەعید خەتیب زادە، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆمارى ئیسلامی ئێران، دوایین پێشهاته‌كانى ناوچەکە تاوتوێی دەكەن.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی كاره‌كانى سێيه‌مين كۆڕبه‌ندى هەولێردا، لەگەڵ سەعید خەتیب زادە، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆمارى ئیسلامی ئێران، كۆبووه‌وه‌.

لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پەیوەندیيەکانی هه‌رێمى كوردستان و ئێران و چۆنیەتیی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشيان له‌ بواره‌ جياكاندا تاوتوێ کرد، هەروەها ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوایین پێشهاته‌كانى ناوچەکە، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

بەگوێرەی راگەیێندراوەكە، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگی کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان؛ بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا بکات، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێویستیی پەیڕەوکردنی دیالۆگ و لێکگەییشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشه‌كان و بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، هاوڕا بوون.

چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو