یەکەم شاندی فەرمی بەریتانیا لە دوای رووخانی ئەسەد گەیشتنە رۆژئاوای كوردستان
حەسەكە – نۆرس پرێس
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، پێشوازی لە ئان سنۆ، نێردەی تایبەتی بەریتانیا بۆ سوریا و شاندی یاوەری كرد.
شاندی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر و شاندی بەریتانیا تاوتوێی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سوریا كرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو وڵاتە.
هەردوولا جەختیان لە “پێویستی بەپەلەی دانیشتن و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە نێوان هەموو لایەنەکاندا کردووەتەوە، کە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان”.
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بە “پێویستی پەراوێز نەخستنی هیچ کام لە پێکهاتەکانی سوریادا، و ئاماژەی بەوەشدا كە پێویستییان بە کارکردنی هاوبەش و راستەقینە هەیە بۆ بنیاتنانی داهاتووی وڵاتەکەی”.
شاندی بەریتانیا باسیان لە “گرنگی رۆڵی رۆژئاوای كوردستانیان کرد لە داڕشتنی ئایندەی ئەو وڵاتە، هەروەها پێویستی بەشداری هەموو سورییەکان لە قۆناغی راگوزاری كرد،”.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر باسی لە پێویستی كۆبونەوەیەكی راستەقینە کرد کە لە ڕێگەیەوە نەخشەیەك دابنرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا جێبەجێ بكرێت.