نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری تاوتوێی دۆخی وڵات و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوچه‌یی و نێودەوڵەتییەکان دەكەن

هەولێر – نۆرس پرێس

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هادی عامری، ئه‌مینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، تاوتوێی دۆخی وڵات و گرنگیی پارێزگاریکردن لە یەکڕیزیی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوچه‌یی و نێودەوڵەتییەکان دەكەن.

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە هادی عامری، ئه‌مینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر کرد.

لە دیدارێکدا باسیان لە دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و ڕەوشی گشتیی وڵات کرد، هەروەها پرسە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانیان بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی نیشتمانی دەستەبەر بکات، خسته‌ به‌ر باس.

بەگوێرەی راگەیێندراوەكە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی دیالۆگ و لێکگەیشتن لەنێوان هەموو لایەنە عێراقییەکاندا و کاری هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی وڵات و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە ڕۆحی هاوکاری و هاوبەشیی نیشتمانی کردەوە. هەروەها هەردوولا باسیان لە دۆخی وڵات و گرنگیی پارێزگاریکردن لە یەکڕیزیی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوچه‌یی و نێودەوڵەتییەکان کرد.

نێچیرڤان بارزانی گرنگیدانی هەرێمی کوردستانی بۆ بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەکان لە عێراق دووپات کردەوە، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵ کرد لە بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانی کە لە بەرژەوەندیی ته‌واوی وڵاتدایه‌.