کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەكانی سوریا لە گوندەواری دێرەزوور
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئەندامێکی هێزە ئەمنییەكانی سوریا دوێنێ دووشەممە لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژرا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە دێرەزوور رایگەیاند، “چەکدارە نەناسراوەکان بە ماتۆڕسکیلێکەوە تەقەیان لە “نوڕزێن عابدین” كرد، لە بەردەم ماڵەكەی لە گوندەواری دوێڕەی رۆژهەڵاتی دێرەزوور “.
بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، “هێرشەكە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ئەو ئەندامەی هێزە ئەمنییەكان، و هێرشبەرەكان بۆ دەرەوەی شارۆچكەكە هەڵاتن”.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا کە “زێن عابدین” بەم دواییانە پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەكانی وەزارەتی ناوخۆی سوریاوە کردووە، و خولێکی مەشق و راهێنانی ئەنجامداوە، و چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەرچووە، لە كاتی بەئامانج گرتنیدا بۆ پشو لە ماڵەوە بووە.