حەوتەم گفتوگۆی نێودەوڵەتی بەغدا دەستیپێكرد
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ شەممە، بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەوتەم گفتوگۆی نێودەوڵەتی بەغدا لە عێراق دەستیپێكرد و تا سبەیش بەردەوام دەبێت.
پەیمانگەی عێراق بۆ دیالۆگ بەسەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەوتەم گفتوگۆی نێودەوڵەتی بەغدا بە ناونیشانی (پەیوەندییەکان لەپێناو گەشەپێدان و سەقامگیری هەرێمی) ڕێکدەخات.
لە گفتوگۆی نێودەوڵەتی بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی كرد و وتارێکی پێشکەش كرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیمانگەی عێراق بۆ دیالۆگ ئاشکرای کردووە، لە حەوتەم گفتوگۆی نێودەوڵەتی بەغدا، باس لە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە دەکرێت، لەگەڵ پرسی ئابووری و نەوت، بۆ قسە کردن لەسەر ئەو بابەتانەش، 100 کەسایەتی دیار لە عێراق و جیهان بەشداریی دەکەن.