سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی ئیمرالیی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا تاوتوێ دەكەن
هەولێر – نۆرس پرێس
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی ئیمرالیی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا تاوتوێ دەكەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بە سەرۆکایەتی هەردوو پەرلەمانتار سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان کرد .
لە دیدارەکەدا ، شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە سەردان و دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا خستەڕوو و ئاماژەیان بەوە دا، کە ئێستا قۆناخێکی نوێ لە تورکیا دەستی پێکردووە و پرسی ئاشتی و چارەسەری دۆزی کورد بووەتە بابەتێکی گرنگ و پێویستییەکی هەنووکەیی. شاندەکە هەروەها ڕۆڵ و پێگە و پشتیوانیی سەرۆک بارزانیان لە پرۆسەکە بەرز نرخاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوەكە، سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی سوود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک کردەوە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیریی و بەهێزکردنی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی نێوان گەلانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی.
سەرۆکی حکومەت هەروەها پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دووپات کردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەمبارەیەوە نیشاندا.