هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان “هەسەدە” و حکومەتی نوێی سوریا رادەگەیەنێت

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە سوریا پشتیوانی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەد” و حکومەتی نوێی سوریا راگەیاند.

دوێنێ دووشەممە، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، لە میانەی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ نۆرس پرێس، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکە، پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزاری سوریا کرد.

مەزڵوم عەبدی بۆ نۆرس پرێس ئاشکرای کرد کە هەوڵی هاوبەش هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك لە بەرژەوەندی نیشتمان.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە تویتێکدا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی لە “X” رایگەیاندووە کە پاڵپشتی “هەسەدە” دەکەین لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا، “بۆ پێشخستنی سەقامگیری و ئایندەیەکی گەش لە ناوچەکە”.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد