پێدەرسن لەم هەفتەیەدا دەگەڕێتەوە دیمەشق بۆ درێژەدان بە کارەکانی

دیمەشق – نۆرس پرێس

گییەر پێدەرسن نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا لەم هەفتەیەدا دەگەڕێتەوە دیمەشق بۆ درێژەدان بە ڕاوێژکارییەکانی نێوان حکومەتی راگوزار و نوێنەرانی چین و توێژە جیاوازەکانی سوریا.

ستیفان دووجاریک وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیاند پێدەرسن دەگەڕێتەوە سوریا بۆ درێژەدان بە کارەکانی.

دووجاریک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ئاماژەی بەوەشكرد، گەڕانەوەی پێدەرسن بۆ دیمەشق دوای بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دێت کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ نوێنەرانی باڵای سوریا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و عێراق و ئیمارات و چەند وڵاتی دیكە گفتوگۆی ئەنجامداوە.

دووجاریک ئاماژەی بەوەشکرد، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن جەختی لەسەر گرنگی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر بە سەرۆکایەتی سوریا و پاڵپشتی كردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە.

پێدەرسن لە بەشداریكردنیدا او کۆنفرانسی ژنان ئاشتی و ئاسایش، جەختی لە بانگەوازی نەتەوە یەکگرتووەکان كردەوە بۆ هەموو لایەنەکانی سوریا، کە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانیان جێبەجێ بکەن و ڕێز لە ماف و کەرامەتی ژنان بگرن و بەشداریان بكەن لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتەکەدا.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان