نێچيرڤان بارزانى بۆ شاندى ئيمرالى ئێمه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كارمان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئاشتى لە توركیا بێته‌ ئاراوه‌

هەولێر – نۆرس پرێس

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و شاندى ئيمرالى گفتوگۆیان ده‌رباره‌ى هه‌وڵه‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركيا كرد.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشنوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له‌ شاندى ئيمرالى كرد كه‌ بۆ ڕاگۆڕينه‌وه‌ و گفتوگۆ ده‌رباره‌ى هه‌وڵه‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركيا، له‌ هه‌رێمى كوردستانن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، نێچيرڤان بارزانى هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركيا دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها پرۆسه‌كه‌ى به‌ ده‌رفه‌تێكى گرنگ و مێژوويى له‌ قه‌ڵه‌م دا كه‌ پێويسته‌ هه‌مووان كار بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ و برايه‌تيى كورد و تورك بكه‌ن، چونكه‌ ئاشتى بۆ هه‌مووان له‌ توركيا و ناوچه‌كه‌ پێويسته‌.

نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها رايگه‌ياند: ئێمه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ميشه‌ كارمان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئاشتى بێته‌ ئاراوه‌ و كێشه‌كان ئاشتيانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه‌ ئه‌زموون سه‌لماندوويه‌تى شه‌ڕ و چه‌ك هيچ كێشه‌يه‌ك چاره‌سه‌ر ناكه‌ن. هه‌روه‌ها هيواى خواست كه‌ PKK ستراتيژييانه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌ بڕوانێت و پێويسته‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ست نه‌درێت. بەگوێرەی راگەیێندراوەكە، لاى خۆيه‌وه‌ شاندى ئيمرالى سڵاو و ڕێزى تايبه‌تى (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)یان به‌ نێچيرڤان بارزانى گه‌ياند و تێشكيان خسته‌ سەر هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌كه‌. شانده‌كه‌ هه‌روه‌ها ستايش و پێزانينى بۆ هه‌وڵه‌كانى نێچيرڤان بارزانى له‌ پرۆسه‌ى پێشتر و ئێستاى ئاشتيدا ده‌ربڕى و داواى كرد كە له‌سه‌ر هاوكارى و پشتگيريى خۆى بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت