شەرع لەگەل “دەستەی دانوستانکار” و “ئیئتیلافی سوریا” رێککەوت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوو قەوارەیە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزاری سوریا، لەگەڵ “دەستەی دانوستانکار” و ” ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا” ڕێککەوت بۆ هەڵوەشاندنەوەیان.

شەرع پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی دانوستانکار بەدر جەمووس و سەرۆکی ئیئتیلاف هادی ئەلبەحڕە و ئەندامانی دەستەی سیاسی ئیئتیلاف و سەرۆکی ئەنجومەنی هۆز و خێڵەکانی سوریا جیهاد مەڕعی کرد.

وێڕای پیرۆزبایی  لە شەرع جەختیشیان لە پشتیوانی خۆیان بۆ گەل و سەرکردایەتی و دامەزراوەکانی سوریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو تەحەددیاتەکان لەم قۆناغەی مێژوویەدا كردەوە.

سەرۆکی سوریا لەگەڵ سەرۆکایەتی ئیئتیلاف رێككەوت بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیئتیلاف و ” دەستەی دانوستانکار”.

سەرۆکایەتیی سوریا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: “هاوپێچ لەگەڵ بەیاننامەی راگەیاندنی سەرکەوتنی شۆڕشی سوریا، کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو دامەزراوانەی کە لە ژێر شۆڕشەکەدا دروست بوونە و تێکەڵکردنیان لەكەڵ دامەزراوەی دەوڵەت، هەردوو شاندەکە ئەو ئەرکەیان رادەستی دەوڵەتی سوریا کرد و هەموو مەلەفە گرینگەكان كە پەیوەستە بە لیژنەی دانوستان و ئیئتیلافی نیشتمانی، رادەستی حكومەتی ئێستای سوریا كرا، و ئەو دامەزراوانە بەردەوامدەین لە كاركردن بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی سوریا و بنیاتنانی دەوڵەتێك ژێر سەرکردایەتی سەرۆکی کۆماردا”.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان