پاش 24 کاتژمێر ئارامی.. تورکیا گوندەواری حەسەکە بۆردوومان دەکاتەوە
تل تەمر – نۆرس پرێس
درەنگانی شەوی دووشەممە، هێزەکانی تورکیا و گروپە دڵسۆزەکانیان گوندێکیان لە گوندەواری شارۆچکەی تل تەمر لە باکووری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج.
بۆردومانەکە دوای 24 کاتژمێر لە ئارامی هێڵەکانی بەرکەوتن هات لە باکووری حەسەکە، دوای ئەوەی لە 18ی ئەیلولدا تووشی تۆپبارانێکی قورس بووەوە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی سەربازی تل تەمر بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بۆردومانێکی تورکیا گوندی ئوم کیێڤ-ی کردۆتە ئامانج کە دوو کیلۆمەتر لە باکوری شارۆچکەکەوە دوورە و لە ئەنجامدا زیانی ماددی بە موڵک و ماڵی دانیشتووانەکە گەیشتووە.
سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لە ساڵی 2019دا واژۆ کرا، ئەو ناوچانە رۆژانە هێرشەکانی تورکیا بەخۆوە دەبینێت.