وێستگەی ئاوی کۆبانێ بەهۆی بۆردومانی تورکیا لە كاركەوت
کۆبانێ – نۆرس پرێس
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆبانێ ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا وێستگەی سەرەکیی ئاوی “ناوەندی”یان کردە ئامانج، کە ئاوی خواردنەوە بۆ شارەکە و گوندەكانی دەوروبەری دابین دەکات.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی لەكاركەوتنی وێستگەکە، نزیکەی 200 هەزار کەس لە کۆبانێ و گوندەكانی بێبەشبوونە لە ئاوی خواردنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم هێرشانە بە تاوانی جەنگ دادەنرێت”، داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد، ئەرکە ئەخلاقی و مرۆیی بەجێبهێنن و هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بەم هێرشانە دەرببڕن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆبانێ بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا و میلیشیاكانی سەر بە ئەنقەرای كرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، كە دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە چڕتركردۆتەوە، و کۆمەڵکوژی لە دژی دانیشتوانەکەی ناوچە كوردییەكان ئەنجامداوە و ژێرخانی ئەو وڵاتە دەكاتە ئامانج.