عەفرین.. میلیشیاكانی تورکیا باج بەسەر دانیشتوان دەسەپێنن و هەڕەشەی دەستگیرکردنیان لێدەكەن

عەفرین – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، چەكدارانی میلیشیای سلێمان شا “عەمشات”ی سەر بە تورکیا، سێ هاوڵاتی كوردیان لە گوندەواری عەفرینی داگیركراو لە رۆژئاوای كوردستان دەستگیر کرد، و دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کران و ماوەی ٤٧ کاتژمێریان پێدرا بۆ ئەوەی 2000 دۆلار فیدیە بدەن.

سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، “پیاوێکی بەتەمەن و کەسانی دیکە کە تەمەنیان لە نێوان پەنجا بۆ شەست ساڵ بوو، لەلایەن چەكدارانی میلیشیای عەمشات لە ناحییەی مەعبەتلی گوندەواری عەفرین دەستگیرکران”.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ” ئەو سێ هاوڵاتییە كوردە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەلایەن میلیشیای عەمشاتەوە ئەشکەنجە دراون، و دوای ئەوەی هەڕەشەیان لێكرد، لەبەرامبەر ئازادكردنی هەركەسێكیان داوی 2000 دۆلار فیدیەیان لێكراوە “.

سەرچاوەکان راشیانگەیاندووە،  “ماوەی 47 کاتژمێر بەو هاوڵاتییە كوردانە دراوە بۆ ئەوەی فیدیەكە بدەن، ئەگەر پارەکەیان نەدات، ئەوە دەستگیردەکرێنەوە و دەگوازرێنەوە بۆ زیندانی ناحیەی شێخ حەدید، کە سەیف جاسمی برای ئەبو عەمشات سەرپەرشتی دەکات.”

ڕوونیشیکردەوە، ئەو سێ هاوڵاتییە كوردە خەڵكی رەسەنی شاری عەفرینی داگیركراون، و نزیکەی مانگێک لەمەوبەر گەڕاونەتەوە گوندەکە، كە پێشتر ئاوارەی ناوچەی شەهبا بوون لە گوندەواری باکووری حەلەب.

ئامادەکردنی: سوار حەمۆ – داڕشتنەوەی: مالین محەممەد