دێرەزوور.. لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا ئەندامانی میلیشیای “دیفاع وەتەنی” سەر بە ئێران دەستگیرکران

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ شەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” و هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان لە شاری دێرەزوور، دەستیان بە هەڵمەتێکی ئەمنی كرد  بۆ دەستگیركردنی “پاشماوەکانی میلیشیای “دیفاع وەتەنی” و گروپی چەكداری “هەفل” کە پێشتر لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیان لێدەکرا”.

سەرچاوەیەکی سەربازی “هەسەدە” لە دێرەزوور بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان، هەڵیانکوتایە سەر شارۆچکەکانی ئەبو حەردووب و ئەبو حەمام و بوسەیرا، لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، و ئەو كەسانەیان دەستگیركرد كە تۆمەتبارن لە بەشداریکردن لە هێرشەكان و تێكدانی سەقامگیری و ئاسایش و ناوچەكە”.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ” لەو ئۆپەراسیۆنەدا نزیکەی 30 داواکراو دەستگیركراون، کە سەر بە گروپەکانی “هەفل” و “دیفاع وەتەنی”ن، راشیگەیاند، چەک و بڕێکی زۆری تەقەمەنی ئەو چەكدارانە دەستی بەسەردا گیراوە”.

ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردەوە کە ” ئەو ئۆپەراسیۆنە پێنجەم ڕۆژە لەسەریەک بەردەوامن، و کۆتایی نایەت تا هەموو ئەو کەسانەی دەستگیر نەكرێن كە دەستیان لە تێكدانی سەقامگیری ناوچەكەدا هەیە”.

ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوە کردەوە کە “ئۆپەراسیۆنەکان سەرکەوتوو بوون بەهاوكاری گەلەکەمان لە شاری دێرەزوور “.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: محەممەد قازی