سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی سووریا لە داڤۆس تاوتوێی دۆخی ناوچەكە دەكەن
هەولێر – نۆرس پرێس
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەسعەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە داڤۆس، کۆبووەوە و پێشهاتەكانی سوریایان تاوتوێ كرد، و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنیی مافی هەموو پيکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیاندا گەلی کورد، هەروەها هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا بەرز نرخێنرا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ ئەسعەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەكە، لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا، دۆخی گشتیی سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا.
وەزیری دەرەوەی سووریا، کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخی نوێی سووریا و هەوڵەکانی ئیدارەی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیریی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی خستەڕوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەدا کە کورد خوشک و برای ئێمەن و پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان و دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت.
لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی سووریا، هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بانگهێشتی دیمەشق کرد و گوتی هیوادارین کە لەئایندەیەکی نزیکدا لە شام بتبینین.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە پاراستنی ئاشتیی و ئارامیی سووریا بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو پشتگیریی و هاوکارییەکی پێویست بۆ خوشک و برایانمان لە سووریا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنیی مافی هەموو پيکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیاندا گەلی کورد.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا بەرز نرخێنرا.