سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ تاوتوێی گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی سووریا دەكەن
هەولێر – نۆرس پرێس
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان، و شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی قەتەڕ، لە داڤۆس تاوتوێی گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی سووریا، و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و مافەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، و هەوڵەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ لە یەکنزیکردنەوەی لایەنە کوردی دەكەن
رۆژی سێشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی قەتەڕ کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا.
سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ، سەرۆکی حکومەتی بانگهێشتی قەتەڕ کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشێکی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی سووریا. سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی قەتەڕ پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ لە یەکنزیکردنەوەی لایەنە کوردی و سوورییەکان نیشاندا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و مافەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە.