“هەسەدە” خاڵە سەربازییەكانی لە گوندەکانی رۆژهەڵاتی دێرەزوور کۆنترۆڵ دەکاتەوە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات خاڵە سەربازییەکان و بارەگاکانی خۆی لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور کۆنترۆڵکردەوە، دوای ئەوەی چەکدارەكانی ناوچەكە دەستیان بەسەردا گرتبوو.

چەکدارەكانی خۆجێییەکانی سەر بە ئیبراهیم هەفل کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرا، هێرشیان کردە سەر خاڵەکانی “هەسەدە” لە زێبان و زر و سوێدانی گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە دێرەزوور بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ” شەڕڤانانی “هەسەدە” بارەگا و خاڵە سەربازییەکانی کۆنترۆڵکردەوە، دوای كشانەوەیان، بەهۆی هێرشی چەکدارە ناوخۆییەکان، کە لە ڕۆژئاوای فوراتەوە پەڕیبوونەوە بۆ ناوچەی زێبان و دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور.”

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، “شەڕ و پێکدادانێكی توند لەنێوان هەردوولا روویدا و بۆ چەند کاتژمێرێک بەردەوامبوو، بەتایبەتی لە شارۆچکەکانی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور”.

ئاماژەی بەوەشكرد “هەسەدە” ژمارەیەکی زۆری چەکدارەکانی دوای گەمارۆدانیان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور دەستگیرکرد و ژمارەیەکیان لەکاتی پێکدادانەکاندا برینداربوون”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات، هێزی سەربازیی ناردە دێرەزوور بۆ دامەزراندنی خاڵی سەربازی نوێ، بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان