نوێنەری ئەڵمانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ فەرماندەی “هەسەدە” تاوتوێی مافەکانی کورد لە سوریا دەکات
حەسەکە – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە تۆبیاس تۆنکڵ نوێنەری ئەڵمانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە”، پرسە بەپەلەكان و مافەکانی کوردیان لە سوریایان تاوتوێکردووە.
تۆنکڵ ئاماژەی بەوەشكرد: ماف و بەرژەوەندییەکانی کوردەکانی سووریا لە ڕێگەی دیالۆگی ناوخۆیی سووریا لە نێوان هێزەکانی “هەسەدە” و ئیدارەی نوێی سووریا گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت.
راشیگەیاند كە ” لەگەڵ مەزڵوم عەبدی باسی ئەو پرسە بەپەلەیانەی کردووە کە دەبێت لە پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو لایەندا چارەسەر بکرێن”، ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵە هاوبەشەکانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” باسکردووە.
دوێنێ یەکشەممە، بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، کە وڵاتەکەی بە تەواوی پشتیوانی لە هەر حکومەتێکی داهاتووی سوریا دەکات کە لە ئەنجامی پرۆسەیەکی هەمەلایەنە و شەفافەوە و رەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی سوریا بێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی لە دیمەشق، و دەسەڵاتدارانی باکووری سوریا (رۆژئاوای كوردستان) هەیە، هەروەها پەیوەندییان لەگەل ڕێژەیەکی بەرفراوانی سوریەکان هەیە بۆ پشتڕاستکردنەوەی گواستنەوەی سیاسی لەو وڵاتە لەژێر سەرکردایەتی سوریادا.
نیکۆلاس گڕێنجەڕ، بەڕێوەبەری پلاتفۆرمی هەرێمی سوریا و نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە رۆژئاوای كوردستان، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەمریکا پاڵپشتی گەلی سوریا دەکات بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی یەکگرتوو، کە حوکمڕانی گشتگیر و ناتایفەگەری بێت و نوێنەرایەتی هەمووان سورییەکان بكات، و شتگیری لە ژن و پیاو لە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی پەیکەری کۆمەڵایەتی بكات.