هەسەدە بۆمبێکی چێنراو لە باکووری دێرەزوور پوچەڵ کردەوە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، بەشی ئەندازیاری سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بۆمبێکی چێنراویان هەڵوەشاندەوە کە ئامادەکرابوو بۆ تەقینەوە لە شارۆچکەیەک لە باکووری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە، لە شارۆچکەی ئەلئیزبە، 20 کم لە باکووری دێرەزوور بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، دانیشتووانەکە کاروانێکی هێزەکانی سوریایان ئاگادار کردووەتەوە لە بوونی بۆمبێکی چێنراو لە نزیک نووسینگەی ئاڵوگۆڕی پارە لە ناوەڕاستی بازاڕی شارۆچکەکە.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، دەستبەجێ بەشی ئەندازیاری سەربازی دەستیکرد بە گەمارۆدانی ناوچەکە و هەڵوەشاندنەوەی بۆمبە چینراوەکە کە کێشی زیاتر بوو لە 10 کیلۆگرام.

لەم دواییانەدا، گوندەوارەکانی دێرەزوور زیادبوونی حاڵەتەکانی تیرۆرکردنیان بەخۆوە بینیوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەندامانی هەسەدە و کارمەندانی بەڕێوبەری خۆسەر و کەسایەتیی خێڵەکان و دانیشتووان هەیە، سەرەڕای ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە چڕانەی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستیپێکردووە.

دوێنێ یەکشەممە، خاڵێکی پشکنینی سەربازیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شارۆچکەی ئەلواحید، لە گوندەواری دێرەزوور، بە چەکی ئۆتۆماتیکی هێرشی کرایە سەر، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی هەبێت.

لە دووی مانگی ئایاری رابردوودا، دوو ئەندامی “هەسەدە” بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراوەوە کە ئۆتۆمبێلەکەیان کردبووە ئامانج لە شارۆچکەیەکی باکووری دێرەزوور برینداربوون.

ئامادەکردنی: حاتم ئەلبەشار – داڕشتنەوەی : زانا ئەلعەلی