شێبانی داوا دەکات فشار بخرێتە سەر ئیسرائیل بۆ کشانەوە لە خاکی سوریا
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەسعەد شێبانی، وەزیری دەرەوە لە حکومەتی راگوزەری سووریا، داوای كرد گوشار بخرێتە سەر ئیسرائیل بۆ کشانەوە لە خاکی سووریا و ڕێزگرتن لە ئاسایشی دراوسێ، بە پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ساڵی 1974.
سوپای ئیسڕائیل لە کۆتاییەكانی مانگی رابردوو و ئەم مانگەدا چوونەتە نێو خاكی سوریا بەتایبەتیش ناوچەی قونەیترە و دەرعا.
شێبانی دەڵێت: ” ئێمە پەیاممان نارد کە سوریا نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک بە ئیسرائیلیشەوە، و هەروەک چۆن دەیانەوێت ئاسایشی خۆیان بپارێزن، دەبێت ئاسایشی وڵاتانی دراوسێش بپارێزن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ” پابەندیین بە ڕێککەوتنی ساڵی 1974، كە هێزی جیاکردنەوە لەنێوان خاکی سوریا و سنووری ئیسرائیل دادەنرێت، بەم شێوەیەش هەردوولا دەتوانن ئاسایشی خۆیان لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا بپارێزن.
داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی عەرەبی کرد کە فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ کشانەوە لە خاکی سوریا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی پێشوودا ئیسرائیل “حزبوڵڵا و ڕژێمی ئەسەد و میلیشیاکانی ئێرانیان وەک بیانوویەک بۆ بۆردومانی سوریا بەکارهێناوە”.
راشیگەیاند “بە نەمانی ئەو مەترسیانە، دەبووایە ڕێزیان لە سەروەری سوریا بگرتبا و دەستوەردانیان نەكردبا “.