نوێنەری “مەسەدە” لە ئەمریکا: کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی و نوێنەری سەرۆک بارزانی هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکێتیی کورد لە هەرێم و رۆژئاوای كوردستان
هەولێر – نۆرس پرێس
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات “مەسەدە” لە ئەمریکا، دەوڵێت کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و نوێنەری سەرۆک بارزانی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکێتیی کورد لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان.
سینەم محەممەد، نوێنەری “مەسەدە” لە ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی “X” رایگەیاند، “دیداری فەرماندە مەزڵوم عەبدی لەگەڵ د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی کورد و پەیوەندییە دوولایەنەکان.”
نوێنەرەکەی مەسەدە ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەم دیدارە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پشتیوانی لە دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا.”
سینەم محەممەد لەبارەی کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی و نوێنەری سەرۆک بارزانی، ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەم دیدارە پێداگریی سەرۆک بارزانی لەسەر بەهێزکردنی ئارامی و هاوکاری لە ناوچەکە و جێگیرکردنی مافەکانی گەلەکەمان نیشان دەدات.”
رۆژی دووشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” راگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەی فەرماندەی گشتی “هەسەدە”، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی و نوێنەری سەرۆک بارزانی، دکتۆر عەبدولحەمید دەربەندی، بڵاوکردەوە.
“هەسەدە” راشیگەیاندبوو “لە میانی دیدارەکەدا دکتۆر حەمید دەربەندی پەیامی پشتیوانی سەرۆک بارزانی گەیاندە فەرماندەی گشتی هەسەدە، کە تیایدا جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی کورد کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکانی سووریا “.