“هەسەدە” کوشتن و برینداركردنی 30 چەكداری میلیشیاكانی سەر بە تورکیا لە مونبج رادەگەیەنێت

مونبج – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” ڕایگەیاند کە ٣٠ چەكداری “جەیش وەتەنی” سەر بە تورکیا کوژراون و برینداربوونە لە باشووری رۆژهەڵاتی مونبجی باکوری سوریا.

 لە ڕاگەیەندراوێکدا، شەڕڤانانی “هەسەدە” رایانگەیاند، ژمارەی کوژراوانی نێو ریزەکانی “جەیش وەتەنی” سەر بە توركیا لە کاتی پێکدادانەکانی دوێنێ یەکشەممە، گەیشتووەتە 23 کوژراو و 7 بریندار.

ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕڤانانی “هەسەدە” بەرپەرچی هێرشێکی میلیشیای “جەیش وەتەنی”یان داوەتەوە لە گردی سەرێتل و گوندەكانی دەوروبەری باشووری رۆژهەڵاتی مونبج، کە لە ئەنجامدا پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازی و سێ زرێپۆش و بارهەڵگرێكی سەربازی بۆ گواستنەوەی سەرباز و ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی سەربازی جۆریی BMB تێكشكێندران.

بەپێی ڕاگەیەندراوی “هەسەدە” سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، “سوپای تورکیا گوندەکانی گرك و ئۆەركی لە گوندەواری شاری کۆبانێی رۆژئاوای كوردستان تۆپبارانكرد، هاوکات هێرشی ئاسمانی بەهێزی كردە سەر گوندەکانی مەغرەبتێن و سەبتی سەر بە ناحییەی سریین لە باشووری کۆبانێ، هەروەها کارگایەكی چیمەنتۆی لە دەوروبەری ناحییەی سرین كردە ئامانج.”.

دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” کوژران و برینداركردنی ٥٩ ئەندامی “جەش وەتەنی” سەر بە توركیای لەگوندەواری رۆژهەڵاتی مونبج راگەیاند.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە